قاسم ئابستە بەندکراوی ئایینی کورد لە ئێران لەسێدارە درا
پەیامی کورد... قاسم ئابستە بەندکراوی ئایینی کورد لە ئێران لەسێدارە درا
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند، قاسم ئابستە، زیندانی ئاینیی کوردی خەڵکی مەهاباد، دوای 14 ساڵ زیندانیکردن سزای لە سێدارەدانی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەسەردا جێبەجێ کرا.
ئابستە و چەند چالاکوانێکی دیکەی ئاینی کورد لە ساڵی 2009 تاوانبارکرابوون بە کوشتنی کەسێک. هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خرایە سەر قاسم و شەش چالاکوانی دیکەی خەڵکی مەهاباد و سەقز بریتیش بوون لە "هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "بانگەشە لە دژی نیزام"، "ئەندام بوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی" کە هەموویان سزای لەسێدارەدانیان درا.
هەروەها تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە پهیوەندی سزای ئەو چالاکانە دەڵێت مانگی 6ی ساڵی 2018 لقێکی دیوانی باڵای وڵات "بە هۆی تەواو نەبوونی بەڵگەی پێویست، سزای لە سێدارەدانی ئەو بەندکراوانەی" پەسهند نەکردبوو کە ساڵێک پێشتر لە لایەن لقی28ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەریاندا سەپێندرابوو.
وەک ئەو ناوەندەی مافی مرۆڤ لە درێژەی راپۆرتەکەیدا دەڵێت، "بە هۆی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ" دیوانی باڵا ناچار بووە سزای سێدارە بە سەر ئەو حەوت بەندکراوە "سوننەیە"دا بسەپێنێت.
هەر بە گوێرەی رێکخراوی هەنگاو ئابستە لە ماوەی 14 ساڵ بەندکرانی تووشی شێرپەنجەی تایرۆید ببوو و چەندین جار وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی لەبارهی دۆخی تەندروستی، مانی لە خواردن گرتبوو.
هەنگاو لە سێدارەدانی ئەم چالاکوانە کوردە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" دادەنێت و "مافی باوەڕمەندبوون بە دین یا ئاینینێک" بە مافێکی بنچینەیی هەر مرۆڤێک دەزانێت.