خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد
پەیامی کورد... خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد
رۆژی 14ی ئایار، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو کە تیاییدا 25 پارت و 151 پاڵێوراوی سەربەخۆ بەشداربوون و پارتەکان بەسەر پێنج ھاوپەیمانییدا دابەشببوون و دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانیش بەھۆی بەدەست نەھێنانی رێژەی تەواو، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کەوتە خولی دووەم و ئەمڕۆش لە دەرەوەی تورکیا پڕۆسەی دەنگدانەکە دەستی پێکرد.
ئەمڕۆ شەممە پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.
بەپێی ئامارەکانی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، ژمارەی دەنگدەران لە عێراق بریتییە لە پێنج هەزار و 741 کەس، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 834 کەسیان لە هەرێمی کوردستانن.
کاتژمێر 9 سندوقەکانی دەنگدان بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە و هاووڵاتییانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان چوون و پڕۆسەکەش ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
بەپێی بڕیاری دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردن لە تورکیا، لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە رۆژی یەکشەممە 14ی ئایاری 2023 ئەنجامدرا، ھیچ کام لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی تورکیا نەیانتوانیوە دەنگی پێویست بەدەستبھێنن.
ھەریەک لە ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کە ھەردووکیان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە، لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رکابەری یەکتر دەکەن.
خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە رۆژی یەکشەممە 28ی ئایار ئەنجام دەدرێت و ئەو کاندیدەی زۆرینەی دەنگە ھەژمارکراوەکان بەدەستبھێنێت دەبێتە سەرکۆماری تورکیا.