TR KU SO
FB X
Kurdistan

ڕێکخراوی CPT: لە لە ساڵی ٢٠١٥ هەتا ئەمڕۆ ١٣٨ هاووڵاتیی هەرێم بەهۆی هێرشەکانی تورکیا کوژراون

Rozan Ateş
Yazar
📅 21 Temmuz 2022 17:41

پەیامی کورد... ڕێکخراوی CPT: لە لە ساڵی ٢٠١٥ هەتا ئەمڕۆ ١٣٨ هاووڵاتیی هەرێم بەهۆی هێرشەکانی تورکیا کوژراون

ڕێکخراوی CPT ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکەی دوێنێ لە بارەگایەکی سوپای تورکیا لەناو زاخۆوە ئەنجامدراوە و دەشڵێت، لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە ١٣٨ هاووڵاتیی هەرێم بەهۆی هێرشی لەو جۆرە شەهیدبوون.

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی تیمی ئاشتیخوازی کۆمەڵایەتی (Community Peacemaker Teams - Iraqi Kurdistan) لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی پاشنیوەڕۆی دوێنێ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە بارەگای سەربازی خاتیرێ-وە لە قەزای زاخۆ بووە، تیایدا چوار جار بۆردوومانی ناوچەیەکی گەشتیاری گوندی پەرەخێ کراوە.

ئاشکراشیکرد، ئەمە یەکەمجار نییە کە بۆردوومانەکانی تورکیا لە گوندی پەرەخێ قوربانی مەدەنی لێدەکەوێتەوە، بەڵکوو هەر لەمساڵدا و لە ١٥ی حوزەیراندا دوو جووتیاری گوندی پەرەخێ لە باخەکەی خۆیاندا، بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیاوە برینداربوون.

بەپێی ڕێکخراوەکە «لە ئابی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ئێستا ١٣٨ هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق شەهیدبوون».

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، داواش لە سوپای تورکیا دەکات چیتر هاووڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج نەگرێت و هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش پارێزگاری لە سەروەریی خاکی عێراق و گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی بکەن.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندی پەرەخێی لە سنووری ناحیەی دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد و بە هۆییەوە ٩ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و ٢٣ی دیکەش برینداربوون.

قوربانییانی ڕووداوەکە بەمەبەستی گەشتکردن لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە سەردانی ناوچەکەیان کردبوو.

Paylas: