TR KU SO
FB X
Kurdistan

لە بۆکان هێرش کرایە سەر سوپای پاسداران

Rozan Ateş
Yazar
📅 21 Ocak 2023 20:08

پەیامی کورد... لە بۆکان هێرش کرایە سەر سوپای پاسداران

لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکی چەکداری نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو، لانی کەم ٤ ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و برینداربوون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی شەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢١ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، شەڕ و تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نزیک گوندی ناچیت سەر بە شاری بۆکان، لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو ڕوویدا.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لەم شەڕەدا لانی کەم ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە و سێ کەسی دیکە بە سەختی برینداربوون و بۆ نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان گواستراونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ئەو ئەندامە کوژراوی سوپای پاسداران بۆ شاری میاندواو گواستراوەتەوە و سێ کەسەکەی دیکە، بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گواستراونەتەوە."

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ حیزب و لایەنێک بەرپرسایەتی ئەم هێرشانەی بە ئەستۆ نەگرتووە و هیچ کام لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە حکومەتیش هیچ هەواڵێکیان لەوباروە بڵاو نەکردووەتەوە.

 

Paylas: