لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی داوە کە گیانی کەماڵ شەریفی زیندانیی سیاسیی کورد لە مەترسی دایە
پەیامی کورد... لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی داوە کە گیانی کەماڵ شەریفی زیندانیی سیاسیی کورد لە مەترسی دایە
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەیەکدا ڕوو بە سەرۆکی دەزگای دادی ڕژێمی ئێران، هۆشداریی داوە کە دۆخی جەستەیی ''کەماڵ شەریفی'' زیندانیی سیاسیی کورد نالەبارە و داوای کردووە کە بەخێرایی ناوبراو لە زیندانی میناب لە پارێزگای هورموزگان ئازاد بکرێت.
بەپێی ئەو نامەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی کانوونی دووەم بڵاو بووەتەوە، کەماڵ شەریفی بەهۆی بێبەشکردنی بەئەنقەست و درێژماوە لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پێویست و دەرمانکردنی بۆ نەخۆشیی دڵ و هەروەها نەخۆشیی دیکە کە تووشی بووە، گیانی لە مەترسی دایە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوە کردووە کە بە سەرنجدان بە ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە سیاسییە، ئەگەر ناوبراو لە زینداندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، لەگەڵ هەڕەشەی مەرگ یان نەخۆشیی سەخت و دژوار بەرەوڕوو دەبێت.
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە نامەی خۆیدا بۆ ''غوڵام حوسێن مۆحسینیی ئێژەیی''، سەرەڕای ئازادیی ئەو زیندانییە سیاسییە داوای کردووە کە بەخێرایی لە دەرەوەی زیندان بخرێتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.
کەماڵ شەریفی تەمەن ٤٩ ساڵ کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوییەوە لە زیندان دایە و لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی محارەبە و ئەندامبوون لە یەکێک لە هێز ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری ڕژێمی ئێران حوکمی ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ''میناب''ی بەسەردا سەپاوە.