پلاندانانی عێراق: ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی ئەنجام دەدرێت
پەیامی کورد... پلاندانانی عێراق: ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی ئەنجام دەدرێت
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایدەگەیەنێت،"دواكەوتنی بودجە یەكێكە لە هۆكارەكانی دواخستنی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی".
بریكاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە،"وەزارەتەكەیان ناتوانێت لەكاتی دیاریكراودا, كە كۆتایی ئەمساڵە سەرژمێری گشتی ئەنجامبدات, دواكەوتنی بودجە یەكێك بووە لەهۆكارەكانی دواكەوتنەكە".
ئاماژەی بەوەشداوە،"وەزارەتەكەیان وادەیەكی نوێی داناوە پرۆسەی سەرژمێری دەستپێبكات تیایدا, كە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی (2024)ە, دوای تەواوكردنی ئامادەكارییە هونەرییەكان".
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان كە ڕۆژنامەی الصباح بڵاویكردووەتەوە،"ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە (43)ملیۆن كەس".
عێراق لەساڵی (1987)دا, دواین پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی ئەنجامداوە, كە سەرجەم پارێزگاكان بەشداربون تیایدا, جگە لەسەرژمێری ساڵی (1997) كە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی تیایدا نەبووە.