TR KU SO
FB X
Kurdistan

لە کرماشان ژنێک بە دەستی شووەکەی کوژرا

Rozan Ateş
Yazar
📅 18 Temmuz 2022 19:16

پەیامی کورد... لە کرماشان ژنێک بە دەستی شووەکەی کوژرا

ژنێکی گەنجی خەڵکی شارۆچکەی گاوارە سەر بە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان بە ناوی گوڵجەمین نەجەفی تەمەن ٤٦ ساڵ لەلایەن شووەکەیەوە و بە بیانووی ئەوەی کە منداڵی کوڕی ناوێت، بە شێوەیەکی هۆڤانە کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم ژنە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٢ کوژراوە و ئێستا هەواڵەکەی میدیایی دەبێتەوە.

گوڵجەمین نەجەفی کە دای سێ کچ بووە، بە بیانووی ئەوەی کە منداڵی کوڕی نەبووە بەردەوام لەلایەن شووەکەیەوە بێ ڕێزی پێکراوە و ئازار دراوە و دواجار گوڵجەمین ماوەیەک پێش کوژرانەکەی تۆراوە و چووەتەوە ماڵ باوک و دایکی خۆی.

جێی باسە کە لەو ڕۆژەدا عەلی ئاقا ڕەزایی هاوژینی گوڵجەمین چووەتە ماڵ خەزووری و ناوبراوی بردووەتەوە بۆ ماڵ و دواتر شتێکی ڕەق و سەختی لە سەری داوە و کوشتوویە.

سەرچاوەکانی هەنگاو باسیشیان لەوە کردووە کە عەلی ئاقا بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بابەتەکە تەرمی هاوژینەکەی بردووەتە جادەیەکی کەم هاتووچۆ و بە ئۆتۆمبێل بە سەر سەریدا ڕۆیشتووە و دواتر بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کاتی ڕۆیشتن دەرگای ئۆتۆمبێلەکە ئاوەڵا بووە و گوڵجەمین کەوتووەتە خوارەوە و سەری کەوتووەتە بەر تایە(لاستیک)ی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە و کوژراوە.

جێگای ئاماژەیە کە عەلی ئاقا ڕەزایی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی پۆلیس دەستبەسەر کراوە.

Paylas: