TR KU SO
FB X
Kurdistan

ماراسۆنی نێودەوڵەتیی ئاشتی له‌ کوردستان بەڕێوە دەچێت

📅 10 Mart 2018 16:33

بۆ یەکەمجار ماراسۆنی نێودەوڵەتیی ئاشتی له‌ کوردستان بە دروشمی "بەرەو ئاشتی" بەڕێوە دەچێت، ماراسۆنێکە بۆ ئاشتی و برایەتی و تەبایی و ئاشتەوایی نیشتمانی، بەبۆنەى ساڵیادی ئازادکردنی شاری هەولێر و راپەڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی بەهاری 1991 لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

 

هەردوو ڕێکخراوی ماراسۆنی ئاشتیی کوردستان و ئیبن مستەوفی و تیپی هونەریی کانی بۆت، بە سپۆنسەرى چه‌ندان كۆمپامنیای نێوخۆیی بەڕێوە دەچێت.

   لەم بارەیەوە کارۆخ ساڵح لە دەستەى باڵای ماراسۆنەکە گوتی: ''سبەى یەکشەممە 11/3/2018، بۆ یەکەمجار ماراسۆنی نێودەوڵەتیی ئاشتی له‌ کوردستان ئەنجام دەدەین. لەم ماراسۆنە نێودەوڵەتییەدا، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەهەردوو رەگەز، هەروەها نوێنەری نێردە دیپلۆماسییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی بەشداری دەکەن و لە پێناوی تەبایی و ئاشتی و هاوژیانی ڕادەکەن.. هەردوو رێکخراوەکە لە رێگەى وەرزشەوە پەیامی برایەتی و تەبایی و ئاشتی و پێکەوەژیانی بە هەموو جیهان دەگەیەنن.''

کارۆخ ساڵح هەروەها گوتی، جۆری ڕاکردنەکان: 21 کم (نیو ماراسۆن)، 5کم (ڕاکردنی خێزانی)، 2کم (بۆ منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت).. ئەمەش هەنگاوی یەکەمە لە وەرزی چالاکییەکانی ماراسۆنی ئاشتیی کوردستاندا.
هەروەها ئاماژەیشی دا، کە ئەم ماراسۆنە بەگوێرەى ستانداردی جیهانییە، چونکە نیو ماراسۆنی 21کم لەخۆ دەگرێت و بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتیی گەلی کوردستانه‌ بە هەموو جیهان، هاوڵاتیان و هەوادارانی وەرزش و ئاشتی دەتوانن لە رێگەى بەشداریکردن لە یەکێک لەم ڕاکردنانەدا پەیامی خۆیان بگەیەنن.

Paylas: