پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتیی نووسەرانی کورد
پەیامی کورد... پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتیی نووسەرانی کورد
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 52 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو یەکێتییە کرد و دووپاتی کردەوە، یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە درێژایی تەمەنی خۆیدا، ڕۆڵێکی گرنگ و درەوشاوەی لە خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی و بزووتنەوەی ڕووناکبیریی لە کوردستاندا گێڕاوە و هەمیشە لە قۆناخە جیاوازەکانی مێژووی خۆیدا، خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانی بووە لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەت بۆ یەکێتیی نووسەرانی کورد:
بە بۆنەی پەنجا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئەندامانی مەڵبەندی گشتیی و سەرجەم ئەندامانی یەکێتیی نووسەرانی کورد و نووسەرانی کوردستان بەگشتی دەکەم.
یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە درێژایی تەمەنی خۆیدا، ڕۆڵێکی گرنگ و درەوشاوەی لە خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی و بزووتنەوەی ڕووناکبیریی لە کوردستاندا گێڕاوە و هەمیشە لە قۆناخە جیاوازەکانی مێژووی خۆیدا، خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانی بووە لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا. لەم بۆنەیەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کوردستان دەکەینەوە، کە بە نووسین و بەرهەمەکانیان و هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان، لە ڕیزی پێشەوەی داکۆکیکردن بوون لە ناسنامە و بەها پیرۆزەکانی گەلی کوردستان.
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد، لە هەموو نووسەرانی کوردستان پیرۆز بێت و هەمیشە سەرکەوتوو بن.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان