مەسروور بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی باڵای کاروباری بەرگری ئەمریکا لە عێراق دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی باڵای کاروباری بەرگری ئەمریکا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/23 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد بە سەرۆکایەتی ئێرنێست تایکرت بەرپرسی باڵای کاروباری بەرگری ئەمریکا لە عێراق.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و گرینگی هەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا.
بەرپرسی باڵای کاروباری بەرگری ئەمەریکا لە عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە کە رۆڵێکی کاریگەری لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هەبووە لە ناوچەکەدا. ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بە تایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا. گوتیشی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرینگ و ستراتیژی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لە دۆخی ناسەقامگیری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی و جەختی لە کاراکردنەوەی میکانیزمی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا کردەوە کە زەمینە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانە.