مەسرور بارزانی: بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
پەیامی کورد … مەسرور بارزانی: بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 33یەمین ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "پێویستە حكوومەتی عێراق، قەرەبووی كەسوكاری قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بكاتەوە".
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە 33یەمین ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا پەیامێكی بڵاو كردەوە و تیایدا رایگەیاندووە: "بە ڕێز و شكۆوە یادی قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دەكەینەوە، كە لە دوا قۆناغی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا، ڕژێمی بەعسی عێراق، پرۆسەی ئەنفالكردنی دەڤەری بادینانی دەست پێكرد و لە ئەنجامدا، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی لە پێكهاتە جیاوازەكانی ناوچەكە، شەهید و بێسەروشوێن كرد، سەدان گوندی وێران و دەیان هەزار كەسیشی ئاوارە و دەربەدەر كرد".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش داوە: "لەم یادە خەمناكەدا، جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە، كە پێویستە حكوومەتی عێراق، قەرەبووی كەسوكاری قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بكاتەوە، لە هەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
راشیگەیاندووە، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندبوونی خۆی بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان دووپات دەكاتەوە".