مەسرور بارزانی و جینین پلاسخارت بارودۆخی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد
پەیامی کورد... مەسرور بارزانی و جینین پلاسخارت بارودۆخی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21/6/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جینین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا بارودۆخی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد و لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابووین لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە: "نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا بخرێت و بکرێتە قوربانی خواست و ئارەزووی هیچ هێز و لایەنێک بۆ دواخستنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە".
هەروەها لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی نێوانیان گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.