ئەمریکا چوار وڵاتی زلهێزی خاوەن چەکی ئەتۆمی کۆدەکاتەوە
پەیامی کورد... ئەمریکا چوار وڵاتی زلهێزی خاوەن چەکی ئەتۆمی کۆدەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکە لەم مانگەدا شارەزایانی چین، فڕەنسا، ڕوسیا و بریتانیای بانگهێشت کرد بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی چەکی ئەتۆمی، لەوانە کەمکردنەوەی ستراتیجی مەترسییەکان.
جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، گفتوگۆکان بەشێکن لە "دیالۆگێکی خولگەیی و بەردەوام".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەشکرد، واشنتن میوانداری کۆبونەوەکەی کردوە لە 13-14ی حوزەیران کە نێوان پێنج وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی و بە "ئاڵوگۆڕێکی بەردەوام لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی" وەسفی کرد.
ئزماژەی بەوەشدا، ئەو شارەزایانە لە ئاستی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگرین لە وڵاتانی بەشداربون "باسیان لە کەمکردنەوەی مەترسییە ستراتیژییەکان کردوە، هەروەها پەیماننامە و سیاسەتە ئەتۆمییەکان تاوتوێ کراون".
پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی کە لە ساڵی 1970 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانجی سنوردارکردنی توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و زامنکردنی مافی ئەندامەکانە بۆ پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەکردوە، شارەزایانی نوێنەرایەتی وڵاتانی بەشداربو لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دوبەی کۆبونەتەوە لە چوارچێوەی دیالۆگەکانی پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی کە لە ئێستادا ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات.