TR KU SO
FB X
Kurdistan

ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی لە تورکیا ڕفێنراوە

Rozan Ateş
Yazar
📅 07 Haziran 2022 21:27

پەیامی کورد... ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی لە تورکیا ڕفێنراوە

میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند، کە ڕۆژنامەنووسێکی پەناخوازی ئێرانی ماوەی هەفتەیەکە بێسەروشوێنە و بنەماڵەکەی لەسەر ئەم باوەڕەن کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕفاندوویانە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو میدیایانە، "محەممەد باقر مورادی" ماوەی نۆ ساڵ بووە وەک پەنابەر لە ئەنقەرە ژیاوە و لە ڕۆژی ٣٠ی ئایارەوە کە لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە نەگەڕاوەتەوە.

پۆلیسی تورکیا ئۆتۆمبێلی محەممەد باقر مورادیی دۆزیوەتەوە کە لە شوێنێکی چۆڵ بەجێ هێڵراوە.

ڕۆژنامەی "حوریەت"ی تورکیا نووسیویەتی، بنەماڵەی مورادی لەسەر ئەم باوەڕەن کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوڕەکەیان ڕفاندووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئەو بنەماڵەیە سەردانی داواکاریی گشتیی تورکیایان کردووە و سکاڵایان تۆمار کردووە.

پۆلیسی تورکیا دەستی کردووە بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئێرانییە.

هەندێک ڕاگەیاندنی دیکە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە محەممەد باقر مورادی کاتی خۆی لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ "ڕوحوڵا زەم" و "شیرین نەجەفی".

ڕوحوڵا زەم، ڕۆژنامەنووسی ئێرانی بوو کە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨ لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی ئیتلاعاتی سوپای پاسدراندا لە پاریسەوە بانگ کرا بۆ عێراق، ڕفێنرا و گەڕێنرایەوە بۆ ئێران.

زەم ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩ لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی "فیسادی فیلئەرز" بە سێدارە سزا درا و سەرەنجام ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەزی ئەو ساڵە لە سێدارە درا.

دواتر کەسوکاری ڕوحوڵا زەم بانگەشەی ئەوەیان کرد، کە شیرین نەجەفی لە کاتی بانگ کردنی ڕوحوڵا زەمدا بۆ عێراق لە ئێران و لە بەندی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووە.

شیرین نەجەفی لەو کاتەوە بێسەروشوێنە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

 

Paylas: