TR KU SO
FB X
Kurdistan

ژن و مێردێک لە کاتی بڵاوکردنەوەی پۆستەری تایبەت بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دەستگیر کران

Rozan Ateş
Yazar
📅 22 Şubat 2022 16:47

پەیامی کورد... ژن و مێردێک لە کاتی بڵاوکردنەوەی پۆستەری تایبەت بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دەستگیر کران

ژن و مێردێکی گەنجی ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک و لە کاتی بڵاوکردنەوەی پۆستەری تایبەت بەو ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر کران.

بەگوێرەی هەواڵی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 21ی شوباتی 2022، ژن و پیاوێک بە ناوەکانی واران محەممەد نەژاد تەمەن 30 ساڵ و پەیام میری، تەمەن 36 ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دانیشتووی سنەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران، لە یەکێک لە شەقامەکانی سنە دەستبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەیام میری و هاوسەرەکەی واران محەممەد نەژاد، ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژینن و لە کاتی بڵاوکردنەوەی پۆستەری تایبەت بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە شەقامەکانی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراون.

ئەنجوومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجوومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەک سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.

زارا محەممەدی بەرپرسی ئەم ئەنجوومەنە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.

Paylas: