نێچیرڤان بارزانی: کلیلی سەقامگیری عێراق چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدایە
پەیامی کورد... نێچیرڤان بارزانی: کلیلی سەقامگیری عێراق چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدایە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سیناتۆری ئەمریکی لینزی گرام و ئالینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێک، لەو کۆبوونەوەیەدا دوایین پێشهاتەکانی شەڕی دژی تیرۆر و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان تاوتوێ کراوە و هەر دوو لا جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە کردووەتەوە، هەروەها کۆکیش بوون لەسەر مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی داعش کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق و سووریا، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە پێویست زانراوە ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە پارێزراو بێت و هەموون لەم پێناوەدا هەوڵ و کۆششیان بخەنە گەڕ.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاسی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە کلیلی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدایە بە گفتوگۆ و بەپێی دەستوور.
ڕاشگەیەنراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکە بوە.