نێچیرڤان بارزانی و كونسوڵی ئه‌مریكا جه‌خت له هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منیی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه ده‌كه‌نه‌وه
پەیامی کورد... نێچیرڤان بارزانی و كونسوڵی ئه‌مریكا جه‌خت له هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منیی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه ده‌كه‌نه‌وه
دوای شه‌ڕه‌كه‌ی دوێنێی چیای قه‌ره‌چوغی نێوان ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی یه‌كه‌ی 80 و سوپای عێراق، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له هه‌ولێر جه‌خت له هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منیی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه ده‌كه‌نه‌وه.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 23ی تشرینی یه‌كه‌می 2023، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ مارك سترۆ، كۆنسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له هه‌ولێر "ده‌رباره‌ی دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی ئاڵۆزی ناوچه‌كه و ڕووداوه‌كانی به‌ئامانجگرتنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منیی هه‌ولێر ـ به‌غدا، بیروڕایان گۆڕییه‌وه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه كه "هه‌ردوولا نیگه‌رانیی خۆیان له ئه‌گه‌ر و مه‌ترسیی فراوانبوونی ئاڵۆزییه‌كان و لێكه‌وته‌كانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ربڕی".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه "هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگیی پاراستنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و نێرده دیپلۆماتییه‌كان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منیی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری، كرده‌وه".
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت كه له دیداره‌كه‌دا چه‌ند پرسێكی دیكه، كه جێی بایه‌خی هه‌ردوولا بوون، تاووتوێ كران.
ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش دوای رۆژێك دێت له شه‌ڕه‌كه‌ی چیای قه‌ره‌چوغی نێوان یه‌كه‌یه‌كی هێزی 80ی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق كه تیایدا دوو پێشمه‌رگه شه‌هید بوون و ژماره‌یه‌كی تریش برینداربوون. هاوكات له ریزه‌كانی سوپای عێراقیش ژماره‌یه‌ك سه‌رباز كوژران و برینداربوون.