TR KU SO
FB X
Kurdistan

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد

سارا
Yazar
📅 11 Mayıs 2018 01:21

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە "دۆگلاس سیلیمان" باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا ھەڵسەنگاندنیان بۆ ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و ھیوایان خواست ڕێکوپێک و دیموکراسیانە بەڕێوە ‌بچێت و دوای ھەڵبژاردنیش لایەنە عێراقییەکان دەست بە دیالۆگێکی جددی بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی نوێ لە عێراق بکەن بە شێوەیەک سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و پەرەپێدانی ئابووریی وڵات بە ‌داوی خۆیدا بھێنێت.

سیلیمان ھیوای خواست لایەنە کوردییەکان یەکدەنگی و یەکڕیزی و سەنگ و ھێزی خۆیان لە بەغدا بپارێزن و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سەرکەوتنی ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق ھەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ڕێکوپێکی بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان کرد و ھیوای خواست پرۆسەی دەنگدانیش لە سەرتاسەری عێراق بە ھەمان شێوە ‌ئەنجام بدرێت.

دووپاتی کردەوە کە ھەوڵی جددی دەدەن لایەنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی داھاتووی عێراق وەک بلۆکێکی بەھێز، یەکڕیزی و یەکدەنگیی خۆیان بپارێزن و پتەوتری بکەن.

تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەست بە بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

Paylas: