نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش چەکی کیمیایی لە مووسڵ بەکارهێناوە
پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش چەکی کیمیایی لە مووسڵ بەکارهێناوە
سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ڕایدەگەیەنێت: ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەمیانی کۆنترۆڵکردنی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق، گازی خەردەل-ی لە شارەکە بەکارهێناوە.
کریستیان ڕیچێر سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش بڵاویکردەوە: لەمیانی لێکۆڵینەوەکاندا، ئەوەمان بۆ پشتڕاست بووەتەوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش چەکی کیمیایی بە تایبەتیش گازی خەردەل کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی قەدەخەکراوە دژ بە هاووڵاتییان لە شاری مووسڵ بەکارهێناوە.
سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ڕوونی کردووەتەوە کە داعش بە هەڕەمەکیی ئەو کارەی نەکردووە، بەڵکوو لە ڕێگای کەسانی شارەزا و بە ئامێرەکانی زانکۆی مووسڵ، چەکی کیمیایی دروست کردووە و وتی: "بەردەوامین لە لێکۆڵینەوەکان لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە مووسڵ، ئەوەش یەکێکە لە تاوانەکانی ڕێکخراوەکە".
کریستیان ڕیچێر باسی لەوەش کردووە کە تیمەکانیان هەروەها لێکۆڵینەوەیان لە تاوانەکەی سپایکەر کردووە کە بە قێزەونترین تاوانەکانی جەنگ دادەندرێت و ڕایگەیاند "تیمەکانمان لە ڕێگای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانەوە، هەوڵ دەدەن بەڵگە لەسەر ئەو تاوانانە کۆ بکەنەوە کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ئەنجام دراون".
وتیشی: "پاڵپشتی لەو لێکۆڵینەوانەش دەکەین کە لە ئێستادا دژ بە تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەک وڵات ئەنجام دەدرێن، بۆ نموونە ئەو لێکۆڵینەوانەی کە بەم دوایییانە لە ئەڵمانیا ئەنجام دران کە تێیدا تیرۆریستێکی داعش بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی، تاوانبار کرا".
سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، کریستیان ڕیچێر ئاشکراشی کرد کە تیمەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کار لەسەر بە دۆکۆمێنتکردنی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەکەن کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە کە ئەوەش بەشێکە لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەسەر تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.