TR KU SO
FB X
Kurdistan

ڕاگەێندراوی هۆشداری لە لایەن نوێنەرانی كورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

سارا
Yazar
📅 03 Ağustos 2019 16:04

پەیامی کورد    ...    نوێنەرانی كورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنن، ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی روو دەدەن، هۆكارەكەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە كە لە ناوچەكەدا هەیە، كە بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی حكوومەتی عێراق، بە تایبەتی ئەو بەرپرسانەی كە تاوەكو ئێستا رێگرن لە بەردەم ئەو رێككەوتنەی كە بڕیارە لە نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەدا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەر یەك لە ناسر هەركی، بڕیاردەر و، هەرێم كەمال، ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیێنراوێكدا،  ڕایدەگەینن: "دوای ئەوەی لە نێوان ناحییەی جەلەولا و كفری پاشماوەكانی چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر بازگەی هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامدا بووە هۆی شەهیدبوونی چوار كەس لە هێزەكانی ئاسایش و برینداربوونی هەشت كەسی تری هێزەكە، بە ‌ناوی خۆمانەوە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئیدانەی ئەو كارە تیرۆریستییە دەكەین و، سەرەخۆشی خۆمان بە كەسوكار و خانەوادەی شەهیدەكان ڕادەگەیێنین، هیوای چاكبوونەوە و سەلامەتییش بۆ برینداران دەخوازین".

لە راگەیێنراوەكەدا زیاتر ڕوون كراوەتەوە: "لەم سەروبەندەدا، بە هۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە هەیە لە ناوچەكەدا، بەرپرسیارێتیی ئەو ڕووداوە و ڕووداوەكانی تر دەخەینە ئەستۆی بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی حكوومەتی عێراقی، بە تایبەتی ئەو بەرپرسانەی كە تاوەكو ئێستا رێگرن لە بەردەم ئەو رێككەوتنەی كە بڕیارە لە نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و، پێكەوە شاری كەركووك و ناوچەكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان‌ لە مەترسیی ئێستا و داهاتوو بپارێزن".

ئەو دوو نوێنەرە كوردەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێن: "سەرەڕای چەندین جار باسكردن لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ئاگاداركردنەوەی حكوومەتی عێراقی لەو مەترسیانە، كە نیشانەی ئەوەن هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و داعش ماوە، بەڵام گوێیان نەگرتووە، بۆیە دووبارە داوا لە بەرپرسانی عێراق بە تایبەتی سەرۆكوەزیران وەكو فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و وەزیری بەرگریی عێراق دەكەین، پەلە بكەن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و هەماهەنگیی تەواو بكەن لە نێوان هەرێم و بەغدادا، بۆ ئەوەی هەرچی زووە رێگری بكرێت لە دووبارەبوونەی كارەسانی لەو جۆرە."

Paylas: