TR KU SO
FB X
Kurdistan

پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی ٤ دەخرێتە کار

سارا
Yazar
📅 11 Nisan 2019 19:24

پەیامی کورد  ...  بڕیارە لە چەند رۆژی دابێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار بكەوێتە كار و كێشەی ئاو لە ھەندێ ناوچەی ھەولێر چارەسەر دەكات، بەڕێوەبەری گشتی ئاویش دەڵێ، ھەر ھاوبەشێك پێوەری ئاو نەبەستێت، سزا دەدرێت.

مەسعوود محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو، رایگەیاند: "بەردەوام ئێمە وەكو حكوومەت لە ھەوڵداین بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان و لە ئێستادا كار لەسەر پڕۆژەیەكی ئاو دەكرێت و بە تەواوبوونیان كێشەی كەمئاوی بەرەو نەمان و چارەسەركردن دەچێت".

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی گوتیشی: "لە چەند رۆژی داھاتوودا قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی چوار تەواو دەبێت و دەكەوێتە كار و ئاو بۆ شارەدێی كەسنەزان و قەرەبووی كەسنەزان و بەشێكی ھەولێری نوێ و ژمارەیەك شاری وەبەرھێنان لە دەوروبەری ھەولێر ئاو دابین دەكات، بە شێوەیەكی گشتییش ئەو ناوچانەی دەكەونە باكوور و رۆژھەڵاتی ھەولێر، ئاویان بۆ دابین دەكرێت لەو پڕۆژەیەی تەواو دەبێت".

محەمەد دەشڵێت: "بە ھۆی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری بیری ئاو وشك بوونە و ناتوانرێت وەك پێویست سوود لە ئاوی بیرەكان وەربگیرێت".

پەیوەست بە وەرگرتنی كرێی ئاویش، مەسعوود محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەمساڵ یەك جار خوێندنەوە بۆ پێوەری ئاو كراوە و بڕیارە لەم مانگەدا جارێكی دیكە خوێندنەوە بۆ پێوەرەكان بكرێت، واتە دوو مانگ جارێك خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت و ھەر ھاووڵاتییەك و شوێنێكیش پابەندی بەستنی پێوەر نەبێت، سزای ماددی بە دواوەیە، لەبەر ئەوە ھیودارین ھاوبەشانی ئاو پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت بن".

Paylas: