وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڕیارێکی گرینگی دەرکرد
پەیامی کورد ... وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڕیارێکی گرینگی دەرکرد
وەزیری دارایی و ئابووری رایگهیاند: بە ئهلێکترۆنی کردنی خەرجییەکانی بەکاربردن بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی کە دەبێتە هۆی زیادبوونی شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند، به فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن لەم مانگەوە بە دیجیتاڵ دەکرێت.
هەروەها ووتی: ئەم پێشکەوتنە بەشێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بە مۆدێرنکردنی کارەکانی حکومەت و هەنگاوێکی گرینگ دەبێت لە پێناو نەهێشتنی روتین و هەوڵدان بۆ کارا کردن و چالاک کردنی کاروباری هاووڵاتییان. هەروەها بەشێکیشە لە پرۆسەی چاکسازی کە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیادبوونی روونی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.
وەزیری دارایی دووپاتی کردەوە تا زیاتر بتوانین کۆنترۆڵی خەرجییە بەکاربەرەکانی حکوومەت بکەین، زیاتر دەتوانین کار لەسەر پڕۆژەی گرینگ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و سوودی هاووڵاتییان بکەین. وەزیری دارایی دەستخۆشیشی لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی ئەم سیستەمە کرد.
بهپێی ماڵپهڕی فهرمی وهزارهتی دارایی، ئەم سیستەمە ئۆنڵاینە لەم مانگەوە لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت جێبەجێ دەکرێت و هەموو خەرجییەکانی حکوومەت تا کۆتایی مانگی تەمووز، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەست دەبێت و داتاکان لە سەنتەری داتای حکوومەت کۆ دەکرێنەوە. ئەمەش وا دەکات حکوومەت کۆنترۆڵی بەسەر خەرجییەکانییەوە هەبێت و داتاکانیش دەتوانن بۆ دانانی پلانی ستراتیژی دارایی یارمەتیدەر بن.