وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاوڵاتیان دەكات چەكی قورس رادەستی حكومەت بكەن
پەیامی کورد... وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاوڵاتیان دەكات چەكی قورس رادەستی حكومەت بكەن
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە هاوڵاتیان دەكات، پابەندبن بە رێنماییەكانەوە و هەر هاوڵاتییەك چەكی قورسی هەیە بیدات بە حكومەت، چەكەكانی دیكەش دەبێت تۆمار بكرێن.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، لەپێناو كەمكردنەوەی دەرفەتی تاوان و پەنا نەبردن بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان بە توندوتیژی و چەك، یاسای كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان ژمارە "18ی ساڵی 2021 و یاسای چەك ژمارە 2ی ساڵی 2022 كە پەرلەمانی كوردستان دەرچوون و چەند رێنمایییەك بۆ جێبەجێكردنیان لە وەزارەتی ناوخۆ دەركراون، ئامانجی ئەو یاسا و رێنمایانە ئەوەیە كە چەكی بێمۆڵەت نەمێنێت و دیاردەی چەكداری سنوردار بكرێت.
باس لەوەش كراوە، لە هەفتەی جیهانی چەكداماڵیندا كە ساڵانە نەتەوە یەكگرتووەكان لە 24 تا 30 ئۆكتۆبەر بۆ سنورداركردنی چەكی كۆمەڵكوژ و كێبڕكێی خۆپڕچەككردن لە ئاستی نێودەوڵەتی و رێكخستنی چەك و دیاردەی چەكداری لەناوخۆی وڵاتان بەڕێوەی دەبات، وەزارەتی ناوخۆی داوا لە هاوڵاتییان دەكات پابەندبن بە رێنماییەكانەوە.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، هەروەها داوا دەكات ئەگەر چەكی قورس و جەنگییان لایە دەستبەجێ بیدەنەوە بە حكومەت، هەۆوەها چەكی ئاگرین "دەمانچە، كلاشینكۆف و هاوشێوەكانی" لەو بنكانە تۆمار بكەن كە دەستنیشان كراون و دەستبەكاردەبن.