ڕوونکردنەوەیەک لە لایەن ووتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی هەولێرەوە
پەیامی کورد ... ووتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی نەخۆشخانەی رزگاری بڵاوكردەوە.
د.بژار مووسا عەلی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی هەولێر رایگەیاند،"دوابەدوای کەوتنەکاری نەخۆشخانەی ڕزگاری فێرکاری بۆ پێشوازیکردنی نەخۆشانی تووشبوو بە ڤیرووسی کۆڕۆنا، تا ئێستا 92 نەخۆش لە نەخۆشخانەی ڕزگاری خەوێنراوە و لە ژێرچاودێری پزیشکی دان و خۆشبەختانە باری تەندرووستی زۆربەی هەرەزۆریان جێگیرە و هیوادارین تا تەواوبوونی ماوەی چارەسەریان لە نەخۆشخانەکەمان هەر سەلامەت بن و باری تەندروستیان بە جێگیری بمێنێتەوە"
راشیگەیاندوە،"رۆژانە چاودێری پزیشکی ئەم نەخۆشانە بەردەوامە لەهەموو ئاستێکی خزمەتگوزاری تەندرووستی، بەداخەوە یەکێك لەم نەخۆشانە گرتە ڤیدیۆیەکی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا نکۆڵی دەکات لەبونی ئەم نەخۆشیە بە بیانوی ئەوەی نیشانەی جەستەیی پێوە دیار نییە کە ئەمەش بۆچوونێکی هەڵە و مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگاکەمان کە خەڵك هاندەدات بۆ بە هەند وەرنەگرتنی ترسناکی ئەم پەتا جیهانییە کە هەموو دونیا گیرۆدەی ئەم ڤیرووسەن، وا دەکات هاوڵاتیان لەپابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان ساردبکاتەوە و خوانەخواستە تووشی کارەساتی مرۆیی ببنەوە."
وتەبێژی تەندرووستی هەولێر دەڵێت،"بە پێویستمانزانی هاووڵاتیانی خۆشەویست ئاگاداربکەینەوە کە هۆشیاربن و نەکەونە داوی ئەم بیروبۆچوونە هەڵانە و دووپاتیدەکەینەوە بە پابەندبوونمان بە ڕێنمایییە خۆپارێزیە تەندرووستیەکانی وەزارەتی تەندرووستی و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی هەولێر کە پشت ئەستورە بەڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی زاڵبوونمان بەسەر ئەم پەتایە مسۆگەردەکات."