ڕووسیا مەرج بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئۆکراینا دادەنێت
پەیامی کورد... ڕووسیا مەرج بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئۆکراینا دادەنێت
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: ڕووسیا ئامادەیە وەڵامی پێشنیازە دیپلۆماسیەکان بداتەوە سەبارەت بە گفتوگۆ و چارەسەری قەیرانەکانی ئۆکراینا، بەڵام دەبێت سەرەتا هەموو هاوکاریە سەربازیەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکراینا بوەستێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئابی 2023 ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە میدیا وڵاتەکەی ڕاگەیاند: ڕووسیا هەوڵی نێوەندگیریی وڵاتان بەرزدەنرخێنێت و بەتایبەت دەستپێشخەرییە مرۆییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی.
باسی لەوەشکرد، بە مەبەستی دەستپێکردنی پرۆسەی دانوستان، ڕۆژئاوا دەبێت دەستبەرداری دابینکردنی چەک ببێت بۆ کیێڤ و ئۆکرایناش دەبێت هەموو هێزەکانی بکشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا هەموو دانوستانەکانیان لەگەڵ ڕووسیادا ڕاگرتوە و لە ئێستادا پردی دیپلۆماسی ڕووسیا و ئۆکراینا پچڕاوە.
لە 24ی شوباتی ساڵی ڕابردوو بە فەرمانی ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا سوپای ئەو وڵاتە هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و تا ئێستاش جەنگ بەردەوامە، لەسەرەتای ئەم ساڵیشەوە ئۆکراینا ڕایگەیاند، بە بەکارهێنانی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستی بە هێرشی پێچەوانەکردووە بۆ سەر سوپای ڕووسیا.
پێشتریش شاندی دانوستانی ڕووسیا و ئۆکراینا لە وڵاتی بێلاروسیا چەنددا جار کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.