TR KU SO
FB X
Kurdistan

ئورمیە؛ دوو چالاکی بواری کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

Rozan Ateş
Yazar
📅 04 Eylül 2022 21:02

پەیامی کورد... ئورمیە؛ دوو چالاکی بواری کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

زارا سدیقی هەمەدانی ناسراو بە ''سارە'' تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی نەغەدە هاوڕێ لەگەڵ ئیلهام چووبدار تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی ئورمیە لە چالاکانی کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی (پەلکەزێڕینە) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی» فساد فی الارض «لەڕێگەی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازییەوە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو سزایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە فەرمی بەو دوو کەسە ڕاگەیەندراوە.

لەو دۆسیەدا سوهەیلا ئەشرەفی تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی ئورمیە کە ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی سزاکەیەتی.

ئەم دوو چالاکەی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٦ی جەنیوەری ٢٠٢٢) لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە» فساد فی الارض «لەڕێگەی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازی و پەرەپێدان بە ئایینی مەسیحی و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کرابوون

زارا سدیقی هەمەدانی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لە کاتی چوون بۆ تورکیا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە سنووری تورکیا دەستبەسەر و دوای دوو مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە زارا سدیقی هەمەدانی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە و سەرەڕای بێ ڕێزی پێکردن بە شوناسی ڕەگەزی و ڕوخساری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی سەپاندنی سێدارە بەسەریدا و هەروەها وەرگرتنەوەی مافی سەرپەرشتیی دوو منداڵەکەی لێکرابوو.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە زارا سدیقی هەمەدانی، داکۆکی کاری مافەکانی مرۆڤ و ئەندامی کۆمەڵەی ئێڵ جی بی تی (پەلکەزێڕینەکان)، '' تەنیا بەهۆی ڕەگەزەکەی و ئاشکرا کردنی ناسنامەی ڕەگەزی ڕاستەقینەی خۆی و هەروەها پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پشتگیری لە مافەکانی کەسانی هاوڕەگەزخواز، دوو ڕەگەز خواز، فرە ڕەگەز خواز و بینا ڕەگەزخوازەکان، بەپێچەوانەی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە ''.

 

 

 

Paylas: