TR KU SO
FB X
Kurdistan

گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر چالاکانی کورد لە بەرەبەری نەورۆزدا

Rozan Ateş
Yazar
📅 10 Mart 2022 20:03

پەیامی کورد... گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر چالاکانی کورد لە بەرەبەری نەورۆزدا

هاوکات لە گەل نەورۆز کە هەر ساڵ لە کوردستان بە ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەچێت، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان چالاکی کوردیان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٨ی مارسی ٢٠٢٢ (، سوپای پاسداران ٣٠٠ کەس لە ئەندامانی شوورای شار و گوندەکانی دەوروبەری شاری سنەی کۆ کردووەتەوە و پێیانی ڕاگەیاندووە کە دەبێت سەرجەم ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی سوپادا بێت و ئەگەر وا نەبێت مۆڵەت بە هیچ ڕێوڕەسمێک نادرێت کە ئەمە تەنانەت ناڕەزایەتی هەندێک لە شووراکانیشی لێ کەوتووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لانی کەم ٥٠ هاووڵاتی و چالاکی خەڵکی شارەدێی نێ سەر بە شاری مەریوان لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارەوە بانگ کراون و وێڕای هەڕەشەکران لێیان بە نووسراوە بەڵێن نامەیان لێ وەرگیراوە کە بەشداری ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ نەکەن. جێگای ئاماژەیە کە ناسنامەی سەرجەم ئەو ٥٠ کەسە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

هەروەها لە گوندی سەردۆشی مەریوان ١٠ کەس لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنییەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێکراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی خەڵکی تەنگیسەر لەلایەن ئیتلاعاتی سنە و لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لێکراوە و بەشێکیشان بۆ بانگ کراون و دەبێت ڕۆژی شەممە خۆیان بەو ناوەندە ئەمنییە بناسێنن.

هەروەها لە شارەکانی بانە، سەرپێڵی زەهاو، جوانڕۆ و سەقزیش دەیان چالاکی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێت بەشداریی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز بکەن.

جێگای ئاماژەیە کە بە هۆی گرنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەورۆز لە کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکان هەر ساڵ گوشارێکی زۆر دەخەنە سەر چالاکانی کورد و دەیان کەس دەستبەسەر دەکەن و لەم ساڵانەی دواییدا چەندین کەسیش کە بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزەوە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

Paylas: