ئەگەری ئەوە هەیە حەفتەی داهاتوو لایەنەکان بگەنە ڕێکەوتن
پەیامی کورد ... ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت تا حەفتەی داهاتوو لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن، دوای ئەوەش پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار دەكرێتەوە.
سوسەن محەمەد میرخان، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، گوتی: "بڕیار بوو هەفتەی رابردوو پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكرێتەوە، بەڵام لە نێوان هەندێك لایەندا كێشە هەبوو، بە تایبەتی لەسەر جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم، بۆیە بە پێویستمان زانی كە دانیشتنی پەرلەمان دوا بخرێت تا لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن، ئەگەری زۆریش هەیە لایەنەكان هەرچی زووە بگەنە رێككەوتن و حەفتەی داهاتوو پەرلەمان كۆ ببێتەوە و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكرێتەوە".
ئەو ئەندام پەرلەمانەی كوردستان گوتیشی: "وەكوو پەرلەمان زۆر جەخت لەوە دەكەینەوە و داواشمان كردووە كە هەرچی زووە لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكرێتەوە، چونكە تا حكوومەت پێك نەیەت، ئێمە وەكو پەرلەمان ناتوانین چاودێری كاروبارەكانی حكوومەت بكەین، لەگەڵ ئەوەی، دواخستنیشی جێگەی نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، كە چەندین مانگە هەڵبژاردن كراوە و تا ئێستا حكوومەت پێك نەهاتووە، بۆیە مافی خەڵكە كە داوا بكات هەرچی زووە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكرێتەوە، چونكە ئێمە نەمانتوانیوە وەكو پێویست كاری خۆمان بكەین، بۆیە پێمان باشە و داوامان كردووە كە بە زووترین كات یاساكە هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی حكوومەت پێك بێت و ئێمەش وەكو پەرلەمانتاران بتوانین كاری خۆمان بكەین و بەدواداچوون بۆ پڕۆژە و كارەكانی حكوومەت بكەین".