TR KU SO
FB X
Kurdistan

پارێزگاری دهۆک  ئەنجامدانی ٢٣  پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئەو پارێزگایە ڕاگەیاند

سارا
Yazar
📅 13 Temmuz 2020 18:20

پەیامی کورد     ...    پارێزگاری دهۆک  ئەنجامدانی ٢٣  پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئەو پارێزگایە ڕاگەیاند

ئەمڕۆ دووشەممە، دكتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ تیمی سندووقی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتیی لقی دهۆك كرد و، تێیدا باس لەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە كرا، كە بڕیارە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ پشتیوانی پارەی قەرزی بانكی نێودەوڵەتی لە سنووری پارێزگای دهۆك ئەنجامیان بدات.

دكتۆر عەلی تەتەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند: "ئەمڕۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكمان كرد لەگەڵ تیمی سندووقی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی لقی دهۆك بە مەبەستی جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزا و ناحییەكانی سەر بە پارێزگای دهۆك، كە خەڵكی زیاتر لە (١٠) گوند سوود لەو پڕۆژانە وەردەگرن و ئەو بەرنامەیەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت، كە لە ماوەیەشدا زیاتر لە (٥٠) گوند سوودمەند دەبن".

پارێزگاری دهۆك گوتیشی: "ئەو پڕۆژانە لە رێگای ئەنجوومەنی گوندەكان و بەهەماهەنگی لەگەڵ كارگێڕیی پارێزگا و، تیمی سندووقی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی لقی دهۆك دەستنیشان دەكرێن، ساڵی پێشووش لە سنووری قەزاكانی دهۆك و ئامێدی و شێخان و سێمێل چەند پڕۆژەیەك جێبەجێ كرابوون، بۆ ئەمساڵیش ژمارەیەك خەڵكی گوندەكانی قەزای ئامێدی و ئاكرێ و بەردەڕەش و زاخۆ، سوودی لێ وەردەگرن".

تەتەر دەشڵێت: "دەبێت هەموو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەكانی ئەم دەڤەرە دابەش بكرێن و زۆرترین خەڵك لێی سوودمەند بن، هەروەها پێویستە پڕۆژەكانیش لە كاتی دیاریكراو و بە كوالێتیەكی باش و بەپێی رێنمایی و یاساكانی ئاوەدانكردنەوە ئەنجام بدرێن".

سەبارەت بە پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی لە شاری دهۆك تەواو نەكراون، د. عەلی تەتەر گوتی: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) رژدە لەسەر ئەوەی كە هەموو ئەو پڕۆژانەی تەواو نەكراون، تەواو بكرێن، بە تایبەتیش پڕۆژە ستراتیژییەكانی وەكو فڕۆكەخانەی دهۆك و تونێلەكانی دەڤەرەكە، ئێمەش بە هەموو توانایەك كار لەسەر ئەو پڕۆژانە دەكەین".

بە گوێرەی بەرنامەی سندووقی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی لقی دهۆك، ئەمساڵ (٢٣) پڕۆژەی نوێ لە قەزاكانی ئامێدی و ئاكرێ و بەردەڕەش و زاخۆ ئەنجام دەدرێن و (١٧ ) گوندی ئەو ناوچانە سوودی لێ وەردەگرن، كە پڕۆژەكانیش لە بواری ئاو و كارەبا و رێگا و پەروەردەن و بە گوژمەی (٣) ملیار دینار و بە پشتیوانی وەزارەتی پلان دانانی عێراق لە قەرزی بانكی نێودەوڵەتی ، كە پشكی پارێزگای دهۆك تێیدا دابین كراوە، تەواو دەكرێن.

Paylas: