رووسیا وڵاتێکی نەرویجی خستە لیستی رەشەوە
پەیامی کورد... رووسیا وڵاتێکی نەرویجی خستە لیستی رەشەوە
حکومەتی رووسیا نەرویجی خستە لیستی ئەو وڵاتانەی کە سیاسەتی نادۆستانە لە دژی نوێنەرایەتی یە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکانی رووسیا لەسەر خاکەکەی پەیڕەو دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى رووسیا راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "حکومەت لیستی ئەو وڵاتانەی کە دۆستی روسیا نین فراوانتر کردووە و وڵاتى نەرویجیشی تێدا جێگیر کردووە".
ئەو رێکارانەی لە لیستی ئەو وڵاتانەی دۆستی رووسیا نین، بریتین لە سنووردارکردنی دامەزراندنی کارمەندی نوێ لەلایەن باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و نوێنەری ئەو وڵاتانەوە لەسەر خاکی روسیا، هەروەها سنووردار کردنی ژمارەی کارمەندانی نەرویج لە رووسیا بۆ ٢٧ کەس.
ئەوە لەکاتێکدایە، لیستی ئەو وڵاتانەى لەرووى پەیوەندییە سیاسییەکانەوە لەگەڵ روسیا یەکانگیر نین و بە نادۆست هەژمار کراون ٤٨ وڵاتە، کە بریتین لە (ئوسترالیا، ئەلبانیا، ئەندۆرا، بریتانیا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئایسلەندا، کەنەدا، لیختنشتاین، میکرۆنیسیا، مۆناکۆ، نیوزلەندا، نەرویج، کۆریای باشوور، سان مارینۆ، مەسەدۆنیای باکوور، سەنگاپوورە، ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا، تایوان، ئۆکرانیا، مۆنتینیگرۆ، سویسرا و ژاپۆن).