پارتی و یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە
پەیامی کورد... پارتی و یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.
لەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە کە کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گفتوگۆ لەسەر پرسی دەستوور و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک دوو پرسی نیشتمانی، بۆ ئەم مەبەستەش هەر دوو لا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، جەختیش لە پێویستیی دەست پێکردنی ئامادەکاریی یاسایی بۆ ئەم بابەتە کراوە.
هاوکات لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وەک دوو پرسی گرنگی نیشتمانی، پارتی و یەکێتی پێیان وایە» پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر و سازانی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر «.
لە کۆتاییشدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە بڕیار دراوە کۆبوونەوەکانی هەر دوو لا بەردەوامییان هەبێت.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەیە:
ڕاگەیاندراوی هاوبەش
ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر سەبارەت بە گفتوگۆ لەسەر پرسی دەستوور و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک دوو پرسی نیشتمانی بەڕێوە چوو
١- هەر دوو لا هاوڕابووین لەسەر پێویستی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دەست بە ئامادەکاریی یاسایی بکرێت.
٢- پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وەک دوو پرسی گرنگی نیشتمانی پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر و سازانی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر.
٣- بڕیار درا کۆبوونەوەکانی هەر دوو لا بەردەوامییان هەبێت.