سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش دەكات
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش دەكات
ڕۆژی سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جەمیس جیفری نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا و نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.
لەو دیدارەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كورتەیەكی لەبارەی ستراتیژی و ڕوانگەی ووڵاتەكەی لەمەڕ دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و هەولێر و بەغدا و هەروەها پرسە هەنووكەییەكان و هاوكێشەكانی ناوچەكە بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا و باسی ئەو هەوڵانە كرا كە بۆ دیالۆگ و لێك نزیكبوونەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا ئەنجام دراون. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە مانەوەی هەڕەشەی داعش، جەخت لەسەر هاوپەیمانی و هەماهەنگی هەردوولا لە شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق كرایەوە.
پرسی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەكانیان تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.