شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە پیرانشار درێژەی هەیە
پەیامی کورد ... شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە پیرانشار درێژەی هەیە
دوو کەسی دیکە لە شاری پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بە هەژمار کردنی ئەم دوو حاڵەتە لە حەوتووی ڕابردوودا ١٠ کەس لەو شارە دەستبەسەر کراون کە دوو کەسیان ئازاد کراون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی تەشرینی دووەمی ٢٠٢٠، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی شیناوێ سەر بە شاری پیرانشار بە ناوی سەلیم شەوەندە دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.
هەروەها، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شیناوێ بە ناوی هاشم مورادی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.
لەو پەیوەندییەدا، شەوی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر (١٧ی نۆڤەمبەر) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی چیانە و دوو برایان بە ناوەکانی فارۆق پەسووپیش و زاهیر پەسووپیش دەستبەسەر کردووە کە فارۆق دواتر ئازاد کراوە.
هەروەها، شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر (١٥ی نۆڤەمبر) لە گوندی گەرگوولی خواروو چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی شۆڕش عەبدوڵڵانیژاد، نەجمە سوخەنوەر، سەلاح ئاجی و کوڕەکەی بە ناوی ڕەحمان ئاجی و لەگوندی شیناوێ دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی عەلی جۆڵا و ئیسماعیل حاجی عەبدوڵڵا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون کە ڕەحمان ئاجی دواتر ئازاد کراوە.
هەموو ئەو کەسانە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون و ٨ کەسیان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە گوازراونەتەوە و دوو کەسیان کە وەکوو بارمتە هەتا کاتی خۆڕادەست کردنی ئەندامێکی دیکەی بنەماڵەکانیان دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کراون.