شاندێکی حکوومەتی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێدراوەکان لەگەڵ عێراق سەردانی بەغدا دەکەن
پەیامی کورد ... شاندێکی حکوومەتی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێدراوەکان لەگەڵ عێراق سەردانی بەغدا دەکەن .
بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان بڕیارە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی تاووتوێكردن و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ ئەو كێشانەی هێشتا بەهەڵپەسێردراوی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عیراق ماون، سەردانی بەغدا بكات، بەڵام هێشتا كاتی سەردانەكە دیار نییە.
لەوبارەیەوە فارس عیسا بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەلێدوانێكدا رایگەیاند، بڕیارە بەمنزیكانە شاندەكەی حكوومەتی هەرێم بچێتە بەغدا، بەڵام هێشتا بەدیاریكراوی كاتی سەردانەكە ڕوون نییە و دیاریی نەكراوە كەی دەبێت.
فارس عیسا سەبارەت بەو ناوەڕۆكی گفتوگۆكان وتی "چەندین كێشەی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەردوولادا هەیە و هەرێم و بەغدا بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ ئەو كێشانەش بەدوای میكانیزمەكاندا دەگەڕێن، بۆ نموونە كێشەكانی بودجە، موچە، نەوت و غاز، ماددەی 140 و ناوچە كێشە لەسەرەكان".
وتیشی "ئێستا قسە و باس لەسەر بوودجەی ساڵی 2020ی عیراق هەیە، بۆیە ئەوەش یەكێك دەبێت لە تەوەرەكانی جێ باس و گفتوگۆ".
ئەمە لە حالێکدایە کە ٢٥ی تەمووزی رابردوو مەسرور بارزانی بەسەرۆكایەتی شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كرد و دواتر لە رێگەی راگەیەندراوێكی رۆژنامەوانییەوە هەردوولا گەشبینی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی چەندین ساڵە دەربڕی.