پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ٤ میلیۆن گەشتیار سەردانی کوردستان بکەن
پەیامی کورد ... دەستەی گشتی گەشت وگوزار پلانی ئەمساڵی بۆ کەرتی گەشتوگوزار ئامادە کرد و گوتەبێژی دەستەکەش ئاشکرای کرد، ئامادەکاری دەکەین بۆ ھاتنی چوار ملیۆن گەشتیار و چەندین پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن.
نادر ڕۆستی، ووتەبێژی دەستەی گشتی گەشت وگوزار، ڕایگەیاند: "پیلانی ستراتیژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەرتی گەشتیاری تا ساڵی ٢٠٢٥ ئامادە کراوە، بەڵام ئێمە ئێستا کار لەسەر جێبەجێکردنی پیلانی ئەمساڵی گەشتیاری دەکەین و پێشبینی ھاتنی ٤ ملیۆن گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەین."
ووتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ساڵی ڕابردوودا پلانی گەشتوگوزار ٧٨%ی جێبەجێ کراوە و سێ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردبوو، دەمانەوێ بۆ ئەمساڵیش بە ھەمان شێوە پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری."
نادر ڕۆستی دەڵێت: "ڕەوشی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی عێراق کاریگەری خۆی ھەبووە لەسەر کەرتی گەشتیاری ھەرێمی کوردستان، چوونکە سەرهەڵدانی ئاڵۆزی لە عێراق و ناوچەکە کاریگەری لەسەر ھاتنی گەشتیاران ھەیە، سەرەڕای ئەوەش، گەشتیاران ھەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی سەقامگیر دەزانن بۆ گەشتکردن."