پێشوازی سەرۆک بارزانی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق
پەیامی کورد... پێشوازی سەرۆک بارزانی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد و جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فەرەنسا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٩/٧/٢٠٢٢ لە سەلاحەددین، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ئێریک شوڤالییێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا کە ئۆلیڤییە دێکۆتینی کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتەکانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی تازە تاوتوێ کران.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی شنگال و گوزەرانی ئاوارەکان و پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئایندەی کورد لە سووریا و نیگەرانییەکان لەمەڕ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان خرانە ڕوو.
هەر لەو دیدارەدا وێڕای ئاماژە پێدان بە دوایین گفتوگۆی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و سەرۆک ماکرۆن، جەخت لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فەرەنسا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.