یەکیتی داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەی دەکات و کێشەی ژمارەی ئەندامیان هەیە
پەیامی کورد ... یەکیتی داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەی دەکات و کێشەی ژمارەی ئەندامیان هەیە .
مستەفا چاوڕەش ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی رایگەیاند، دەبێت لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكەیان ئەنجام بدرێت و لەئێستاشدا سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتیدان.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لەلێدوانێكدا ڕایگەیاند : "ئاگادارنیم ئەمڕۆ كۆبونەوە بكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەم هەفتەیەدا لەسەر داوای ژمارەیەك لە ئەندامان پێویستە لەلایەن منەوە كۆبوونەوەكە دەستپێبكات و چەند كارێكی گرینگ لەدوای كۆنگرەوە ماون ئەنجام بدرێن وەكوو پرسی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و درووستكردنی لیژنەكان و دانانی ئەندامان لەو لیژنانەدا، گفتوگۆیان لەسەر بكرێت".
وتیشی "لەئێستادا سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتین، چوونكە پێویستە ١٢١ ئەندام بێت، بەڵام لەئێستادا ١٢٣ كەسن و بەدڵنیاییەوە چارەسەر دەبێت و یەكسان دەبینەوە و دەچینە نێو كۆبوونەوەكەوە".
سەبارەت بە دواكەوتنی كۆبونوەوەی ئەنجوومەنی سەكردایەتی گشتی یەكێتی لە پاش تەواوبوونی كۆنگرەی حزبەكەش، وتی "بۆ ماوەی ١٠ ساڵە كۆنگرە دواكەوت با ئەمەشی لەگەڵدا بێت، دڵنیابن لەم هەفتەیەدا كۆبونەوەكە ئەنجام دەدرێت".