تۆڕی میدیایی سەر بە یاسا و حکوومەت دادەمەزرێت
پەیامی کورد ... بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لیژنەكەیان سەرقاڵی پڕۆژەیاسایەكە بۆ ئەوەی میدیا لە هەرێمی كوردستان بە یاسا ڕێك بخرێت.
موحسین دۆسكی، بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند : "ماوەیەكی زۆرە ھەندێك لە كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە و میدیای ئەلیكترۆنی لە كوردستان، بێ ئەوەی ئاسایشی نەتەوەیی لە بەرچاو بگرن، ھەواڵی نادروست بڵاو دەكەنەوە و بابەتی ھەستیار دەورووژێنن، كە دەبنە ھۆكار بۆ درووستكردنی دووبەرەكی و پەرتەوازەیی سیاسی و ئیفلیجی شیرازەی كۆمەڵایەتی".
دۆسكی دەشڵێ: "لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری دەكەین میدیا بە گشتی و میدیای ئەلیكترۆنی بە تایبەتی، بە یاسا رێك بخەین و چیتر ھیچ كەس و لایەنێك بۆی نابێت ھەواڵی چەواشەكاری بڵاو بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە پەرلەمانی كوردستان لیژنەی رۆشنبیری كار بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك دەكات".
ڕاشیگەیاند: "ھەوڵ دەدەین لەگەڵ كابینەی نوێی حكوومەت تۆڕێكی میدیایی سەر بە حكوومەت دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی ببێتە ژێدەری ھەواڵە درووستەكان".