TR KU SO
FB X
Kurdistan

تا چەند ڕۆژی داهاتوو بەشێكی دیكەی شەقامی ١٢٠ مەتری دەكرێتەوە

سارا
Yazar
📅 09 Mayıs 2019 19:28

پەیامی کورد  ...   وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، هەفتەیەك تا ١٠رۆژی دیكە بەشێكی دیكەی شەقامی ١٢٠مەتری دەكەنەوە، سەرپەرشتیاری دروستكردنی شەقامەكەش دەڵێ، تەنھا ھەندێك سەوزكردنی ماوە و بە زوویی كۆتایی بە كارەكانیان دێت و رێگاكە دەكرێتەوە.

نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیار بوو لە كۆتایی مانگی ٣ بەشێكی دیكەی شەقامی ١٢٠مەتری لە نێوان رێگای كۆیە بۆ كەركووك بكرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دیزاینی نێوەڕاستی شەقامەكە سەوزایی زۆری تێدایە و باران بارینی بەردەوامیش رێگر بوو لە سەوزكردنی، بۆیە لە ئێستادا كاری تێدا دەكرێت و چاوەڕێ دەكرێت هەفتەیەك تا ١٠رۆژی دیكە بكرێتەوە.

لای خۆشیەوە، سەرتیپ قادر، سەرپەرشتیاری رێگای ١٢٠مەتری،  ڕایگەیاند: "رێگاكە ھەمووی تەواو بووە و تەنھا سەوزاییەكەی ھەندێك ماوە و سەرقاڵی تەواو كردنین، ھەر كاتێكیش تەواو بوو كە چاوەڕێ دەكرێت تا چەند رۆژی دیكە كۆتایی پێ بێت، بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەكرێتەوە".

قادر گوتیشی، ئەو بەشەی دەكرێتەوە، ٩ كیلۆمەترە و دواتر تەنھا ٩ كیلۆمەتر دەمێنێت، كە ئەویش ئەمساڵ تەواو دەبێت و بەمەش ھەر ٣٨ كیلۆمەترەكە، كە درێژیی شەقامەكەیە، تەواو دەبێت و دەكرێتەوە.

Paylas: