به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كورستان تاوتوێ ده‌كه‌ن

به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كورستان تاوتوێ ده‌كه‌ن

پەیامی کورد     ...    بەرهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كورستان تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/5/2020 له‌ سلێمانى له‌ دیدارێكدا د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، هه‌لومه‌رجی سیاسی و هه‌نگاوه‌کانی دوای پێکهێنانی حکوومه‌تی عیراق و پێویستی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌کانیان تاوتوێ کرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ پێشهاته‌ سیاسییه‌کانی عێراق کرا و هه‌ردوولا به‌ گرینگییه‌وه‌ جه‌ختیان له‌ پێویستی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و ناکۆکییه‌کان کرده‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی هێنانه‌کایه‌ی ئارامی و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی سه‌رجه‌م ناوچه‌کان به‌ هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ بایه‌خه‌وه‌ باس له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی موستەفا كازمی کراو و داكۆكییان له‌ پشتیوانی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حکوو‌مه‌تى فیدراڵدا کرده‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و کارکردن بۆ دابینکردنی گوزه‌ران و ته‌ندرووستی هاووڵاتیان، هه‌روه‌ها له‌پێناو تێکشکاندنی پاشماوه‌کانی تیرۆر و سه‌قامگیری ئه‌منی له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی عیراقدا، وێڕاى چاره‌سه‌ركردنی کێشه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان به ‌گوێره‌ی ده‌ستوور، بەتایبەتیش یەكلاكردنەوەی پرسی بوودجە و مووچەی فەرمانبەران.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ پێویستی یه‌کڕیزی و خاوکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان له‌ عێراق کرا به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هه‌موو هێز و تواناکان بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئارامی و بژێویی خه‌ڵک و ئه‌نجامدانی چاکسازیی بنه‌ڕه‌تی ته‌رخان بکرێن و له‌بری ناکۆکی و ململانێی ته‌سک، به‌گوێره‌ی ده‌ستوور خزمه‌تی خه‌ڵک و داخوازیه‌کانیان بکرێت.

له ‌ته‌وه‌رێکی دیكه‌ى دیداره‌که‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ یه‌كڕیزى و ته‌بایى له‌ هه‌رێمی کوردستان كرده‌وه‌، به‌ جۆرێك هه‌موو لایه‌نه‌کان دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی، تواناکانیان بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی پێویستی هاووڵاتیان و دابینكردنی بژێویان و سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی، ته‌رخان بکه‌ن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە