پەیامی کورد ... ئەمڕۆ وەزیری پەروەردە و یەکیتی مامۆستایان لەبارەی پڕۆژەیاسایەكەوە كۆبوونەوە، وەزیری پەروەردەش دەڵێت: "هەماهەنگیمان لەگەڵ یەكیتی مامۆستایاندا هەیە و پرس و ڕاوێژیان پێدەكەین بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە". ئاماژەشی دا، كە ڕێكارەكانی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست تەواو بووە و دەكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ یەكیتی مامۆستایانی كوردستان كۆبووەوە و لە پرێسكۆنفڕانسێكدا وەزیری پەروەدە ئالان حەمەسەعید ڕایگەیاند: "لەگەڵ یەكیتی مامۆستایان كۆبووینەوە دەربارەی پڕۆژەیاسایەك كە لە ژێر دەستی وەزارەتی پەروەردەدایە لە بواری پەروەردە و، بۆچوونی یەكیتی مامۆستایانیش وەردەگرین بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی پەروەردە."
پەیوەست بە مامۆستایانی گرێبەستیش، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بكرێن بە فەرمانبەری هەمیشەیی، ئالان حەمەسەعید گوتی: "ڕێكارەكانی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست تەواو بووە و لە ئێستادا ناوەكانیان گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و لە دوای ماوەیەكی كەم دەست دەكەن بە راپەڕاندنی مامەڵەكانیان."
وەزیری پەروەدە ڕاشیگەیاند: "ئێستا سەرقاڵی درووستكردنی داتابەیسێكین بۆ مامۆستایانی وانەبێژ، چوونكە مەلەفیان تەنها لە نێو پەروەردەكاندا هەبوو و لە نێو وەزارەتدا هیچ مەلەفێكیان نەبوو، بەرچاوڕوونین لە داتای مامۆستایانی وانەبێژ و، بە دڵنیاییەوە هەر كاتێك دۆخی دارایی حكوومەت گونجاو بێت، مامۆستایانی وانەبێژ لە پێشینەی كارەكانی وەزارەتی پەروەردە دادەبێت بۆ بوونیان بە گرێبەست."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە