پەیامی کورد... تورکیا بووەتە بەربەست لە بە ئەندامبوونی ووڵاتی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ
ووڵاتی سوێد ڕایگەیاند: لەبارەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی، دەستی بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کردووە. لەکاتێکدا تورکیا بووەتە بەربەست لە ئەندامبوونی ئەم وڵاتە لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
پال جۆنسن وەزیری بەرگریی سوێد لە راگەیێندراوێکدا ووتی: هەریەک لە سوێد و ئەمریکا دانوستاندن لە بارەی گەیشتن بە رێککەوتنێک دەکەن بۆ هەماهەنگی نزیکتر لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەندیی دوولایەنە و لە چوارچێوەی ناتۆشدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: کە رێککەوتنی هەماهەنگی بەرگریی نێوان سوێد و ئەمریکا دانوستاندنی لەسەر دەکرێت و دەشڵێت رێککەوتنەکە رێگە بۆ هێزەکانی ئەمریکا ئاسانتر دەکات بۆ ئەوەی لە سوێد کار بکەن.
ڕوونیشی كردەوە: دەکرێت رێککەوتنەکە دڵنیایی لە جبەخانەی پێداویستییە سەربازییەکان و وەبەرهێنان لە ژێرخان بدات بۆ ئەوەی رێگە بە پاڵپشتی و بەیاسایی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوێد بدات.
پال جۆنسن ئەوەشی ووت: دەست بە دانوستاندنەکان کراوە، چونکە سوێد لە رێگەی بوون بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکادایە ئەوەش لە رێگەی ئەندامبوونی لە ناتۆدا.
شایەنی باسە: بەگوێرەی پەڕاوەکانی ناتۆی تایبەت بە پرۆسەی ئەندامبوونی سوێد و فینلاند، لە کۆی 30 ئەندامی ناتۆ، تاوەکو ئێستا 28 ئەندامیان رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەردوو وڵاتەکە ببنە ئەندامی نوێی هاوپەیمانیی ناتۆ. ئەو دوو وڵاتەی ماونەتەوە هەریەکە لە تورکیا و هەنگاریان. هەر وڵاتێک بیەوێت ببێتە ئەندام لە ناتۆ، پێویستە رەزامەندیی تەواوی هاوپەیمانییە 30 وڵاتەکە بەدەستبێنێت.
لەلایەن خۆشیەوە توركیا: هەریەکە لە سوێد و فینلاند بە داڵدەدانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کورستان – پەکەکە و ئەندامانی سەر بە رێکخراوەکەی فەتحوڵڵا گولەن تۆمەتبار دەکات و ڕادەست کردنەوەیانی کردووەتە مەرجێک بۆ رەزامەندی دەربڕین لەسەر ئەندامبوونی هەردوو وڵاتەکە لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
جێگای ئاماژەیە: رۆژی 8 ی ئەم مانگە ئولف کریستەرشۆن سەرۆکوەزیرانی سوێد لە کۆنفڕانسێکی ئەمنیی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند: بەشێکی داواکارییەکانی سوێد ناتواندرێت جێبەجێبکرێن.
ئەوەشی ووت: کە تورکیا پشتڕاستیکردووەتەوە ئێمە ئەوەی گوتوومانە ئەنجاممانداوە، بەڵام تورکیا هەندێک شتی دەوێت ئێمە ناتوانین بیکەین، یان نامانەوێت بیکەین و بەدەستەوەی بدەین.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە