پەیامی کورد ... جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری کەجەکە لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا رایگەیاند،"قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە و گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شەڕێکی مێژویی و بەرخۆدانێکی بەشەرەفدان. پێویستە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قەسەدە، یەپەگە، یەپەژە بزانن هەمو گەلی کورد، ویژدانی مرۆڤایەتی لەگەڵ بەرخۆدانی ئەواندان. لە هەر شوێنێک شەرەفی بەرخۆدان هەبێت، لە هەر شوێنێک ویژدانی مرۆڤایەتی هەبێت، مرۆڤایەتی لەگەڵ ئەوانە".
جەمیل بایك دەڵێت،"ئەو شەڕەی لە 9ی تشرینی یەکەمەوە دەستپێکرا واتای خۆی هەیە. هەموو مرۆڤێکی کورد کە خاوەنی نرخی مرۆڤایەتی، ویژدانە دەتوانێت لەماناکەی تێبگات. دەزانرێت لە 9ی تشرینی یەکەمدا لە سووریا دەست بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کرا. بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە سووریا دەربکەن و تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لەناو ببەن". ووتیشی،"لە سووریا دەستیان پێکرد و لە سوریا بەردەوامە. دەیانەوێت پیڵانگێریەکە بگاتە ئامانجەکەی خۆی".
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری کەجەکە راشیگەیاندوە،"لە ژێر پەردەی شەڕ دەیانەوێت خەتی سنووری لە دیوی باکووری کوردستان چۆڵ بکەن. ڕاستی ئەمەیە. بەو هۆیەوە گەلەکەمان لە باکوور پێویستە شار و گوندەکانیان چۆڵ نەکەن. هەرچەند هاوەن و تۆپیان تێدەگرن باتێیانگرن، چەند کۆمەڵکوژی دەکەن بابیکەن، پێویستە هیچ کەسێک گوند و شار و ماڵەکانیان چۆڵ نەکەن. ئەگەر چۆڵیبکەن واتە خزمەتی سیاسەتی داگیرکەران دەکەن. توركیا دەیەوێت پەیوەندی نێوان ڕۆژئاوا و باکوور نەهێڵێت. لە هەردوولا دەیانەوێت کوردەکان بار بکەن. بۆ ئەوەی بتوانن قڕیان بکەن".
سەرۆكی كۆنسەكەی كەجەكە هۆشداریشی داوە لەوەی ئەگەر هاووڵاتیانی كورد ناوچەكانیان چۆڵی بکەن جارێکیتر ناتوانن بگەرێنەوە سەر گوند، شار و ماڵەکانیان. ئەمە بە واتای مردنی کوردە. کورد لە قۆناغی مان و نەماندایە. ئەگەر گەل دەیەوێت بە ناسنامەی خۆی، بە نرخەکانی خۆی و بە زمان و کلتوری خۆی بژی پێویستە باجی گەورە بدات و لەدژی داگیرکەری و قڕکردن بوەستێتەوە.
راشیگەیاندوە،"ڕووسیا و ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیەکانیان گەلی کورد دەکەنە قوربانی. گەلی کورد بۆ مرۆڤایەتی و بۆ ئەوانیش خزمەتێکی گەورەی کرد. لەدژی داعش کەس شەڕی نەکرد، کورد شەڕی کرد. شەرڤانانی ئازادی شەڕیان کرد و باجی زۆریان دا. گورزی گەورەیان لە داعش دا. دەوڵەتانی جیهان و مرۆڤایەتیان لە بەڵایەکی گەورە ڕزگار کرد".
ئاماژەی بەوەشداووە، هەمو کەسێک قەڕزاری گەلی کوردە. لە جێگەی ئەوەی قەرزەکەیان بدەنەوە چی دەکەن؟ بە پێچەوانەوە یارمەتی داعش دەدەن. یارمەتی ئەردۆغان دەدەن. ئەمریکا چی وت، "پەیوەندی ئێمە لەگەڵ یەپەگە و یەپەژە سیاسی نییە، سەربازیە". هیچ کاتێک پەیوەندی سیاسیان برەوپێنەدا. هیچ کاتێک خۆسەری دیموکراتیکیان قبوڵ نەکرد. هەوڵیاندا شەرڤانان بۆ ئامانجەکانیان بەکاربهێنن. لە تورکیا کۆبوونەوەیەک کرا. تورکیا و ئێڕان و ڕووسیا. لە ئەنجامدا چییان وت، "ئێمە خۆسەری دیموکراتیک قبوڵ ناکەین، ئێمە ئیرادەیەکی بەو شێوەیە ناناسین". دواتر ئەمریکا و تورکیا وتیان، "بۆ سنور هێزێکمان دروستکرد، ئێمە سنور دەپارێزین." بەم شێوەیە دەستیان بە دەوریەی هاوبەشکرد. فڕۆکە و ئۆتۆموبیلی ئەمریکا و تورکیا دەوریەیان کرد. دوای چەند ڕۆژ ئەمریکا وتی،"ئێمە سەربازەکانمان دەکشێنینەوە". دوای ئەوەش تورکیا هێرشی کرد. واتە ئەمریکا بە ناوی پاراستنی سنور، بۆ ئەوەی تورکیا بچێتە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێگەکەی کردەوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە