مەلا بەختیار : لە ناو یەکیتی دا جموجۆڵی گوماناوی هەیە

مەلا بەختیار : لە ناو یەکیتی دا جموجۆڵی گوماناوی هەیە

مەلا بەختیار ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باسی لەچارەنووسی بەرهەم ساڵح كرد لەناو حیزبەكەی‌و ڕایگەیاند "بەرهەم ساڵح لەناو یەكێتیدا تەواوبووە".

مەلا بەختیار ڕاشیگەیاند "لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و ئەنجوومەنی سەركردایەتیش بڕیارمانداو ڕۆژی سێ‌ شەممەش لەكۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، بەئامادەبوونی كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، بڕیارماندا بەرهەم یەكێتی نییەو هەموو ئەو كەسانەی لەناو یەكێتین لەهەر پلە و پایەیكدا بن، بەڵام لە لیستەكەی بەرهەمن دەردەكرێن، هەموو ماڵ‌و موڵكی یەكێتییان لێدەسەنرێتەوەو موچەیان لەیەكێتی دەبڕێت."

مەلا بەختیار ئەوەشی ڕاگەیاند "قسە هەیە، كە كۆمەڵێك بەرپرسی یەكێتی لەناو یەكێتیدا كارو بانگەشە بۆ لیستەكەی بەرهەم دەكەن، جموجۆڵی گوماناویش هەیە، كە لە ناو یەكێتیدا خەڵكانێك هەن كار بۆ بەرهەم ساڵح دەكەن، بۆیە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهاتووە لەسەر ئەو كەسانە دوای دڵنیابوونەوە ئەگەر ئەندامی مەكتەبی سیاسی بن ئەوا ئەندامێتیان تا كۆنگرە هەڵدەپەسێردرێت بۆ ئەوەی كۆنگرە بڕیاریان لەسەر بدات، بەڵام ئەگەر خوار مەكتەبی سیاسی بن ئەوا دەردەكرێن لە ناو یەكێتی."

بەرهەم ساڵح پێشتر جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی بوو، كە ناوبراو ماوەی رابردوو لیستێكی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری پێكهێناو ئێستا لەو لیستەوە بەشداری هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق دەكات.

ئەو قسانەی مەلا بەختیار لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا بووە، كە لەدرێژەی قسەكانی ئۆباڵی "شكستی" حكومەتی هەرێمی كوردستانی خستە ئەستۆی بەرهەم ساڵح‌و راشیگەیاند "بناغەی شكستی حكومەت دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەم ساڵح، ئەو كاتەی ئەو سەرۆكی حكومەت بوو قەرزێكی زۆری هێنایە سەر ئەم حكومەتە، لەسەردەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی بەرهەم سەرمایەدار هەبووە نەك 100% بەڵكو 800% قازانجی كردووە، مەگەر ئەوە تەنیا بازرگانانی مادەی هۆشبەرو قاچاغچی فرۆشتنی هێرۆین قازانج بەو ڕێژەیە بكات".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە