بانکی ھودای عێراقی و خاوەنەکەی خرانە نێو لیستی سزاکانی ئەمریکاوە

بەرواری بڵاوکردنەوە :
بانکی ھودای عێراقی و خاوەنەکەی خرانە نێو لیستی سزاکانی ئەمریکاوە

پەیامی کورد... بانکی ھودای عێراقی و خاوەنەکەی خرانە نێو لیستی سزاکانی ئەمریکاوە

بانکی ھودای عێراقی بەھۆی ئەوەی لە ڕێگەی سپیکردنەوەی پارەوە، پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کردووە، خرایە نێو لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بانکی ھودای عێراقی و سەرۆکی جێبەجێکاری بانکەکە کە ناوی حەمەد یاسر موسەوییە خراوەتە نێو لیستی سزاکانەوە.

حەمەد یاسر موسەوی کە سەرۆکی جێبەجێکاری بانکی ھودەیە، ھەروەھا ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە کە ئەو بانکە ساڵانێکی زۆر لە ڕێگەی دەستگەیشتن بە دۆلار، پاڵپشتی دارایی بۆ سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق دابین کردووە لەوانە کەتیبەکانی حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەھلی حەقی.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە ڕێگەی ئامرازی بەھێزەوە، ھەوڵدەدەن سیستەمی دارایی عێراق و جیھان بەرامبەر بەو گرووپە تیرۆریستیانە بپارێزن.

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا، ھەروەھا ھاتووە: "ھودا، لە ڕێگەی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، دۆخی عێراقی تێکداوە".

ڕاشیگەیاتدووە کە ئەمریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ئەوەش بە ئامانجی بەھێزکردنی ئابووریی عێراق و پاراستنی سیستەمی دارایی عێراق.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەکانی ڕابردوودا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغدا بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، خستە نێو لیستی سزاکانەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ھەروەھا سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغدا، حوسێن موئنیس سەپاند كە ئەندامی لیژنەی دارایشە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە