پەیامی کورد... بەرپرسانی ئەمریکا و ئەورووپا داوای سزادانی ڕووسیا دەکەن
بڕیارەکەی پووتین بۆ داننان بە سەربەخۆیی دوو هەرێمی ئۆکراینا کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و ئەمریکا و ئەورووپا و هاوپەیمانەکانیان خۆیان بۆ سزادانی ڕووسیا ئامادە دەکەن.
بوریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند؛ لێدوانەکانی پووتین سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمەکانی دۆنتسک و لۆهانسک پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئۆکراینایە.
لیزا تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی ڕووسیا باجی ئەو لێدوانەی پووتین بدات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاندوە؛ ئەو بڕیارەی پووتین جێی پەسەندکردن نییە و نەگونجاوە.
لای خۆشیەوە جۆزێف بۆڕیڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپاش ڕایگەیاند؛ ئەورووپا و هاوپەیمانەکانی وەڵامی گونجاویان بۆ پووتین دەبێت.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە، بە بڕیاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئەو دوو هەرێمەی ئۆکراینا قەدەغە کردووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش ڕایگەیاند: دەبێت ئەورووپا سزای ئامانجدار دژی ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی بسەپێنن.
جگە لەوانەش وڵاتانی هاوپەیمانی با کوڕی ئەتڵەسی ناتۆ ئیدانەی بڕیارەکەی پووتینیان کرد، بۆ بە بەفەرمی ناساندنی سەربەخۆیی هەرێمەکانی دۆنتسک و لۆهانسک و ڕایانگەیاند ئەو بڕیارە پووتین بە ئامانجگرتنی یەکێتی خاکی ئۆکراینایە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە