سوپای عیراق هێزێكی زۆردەخاتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە

سوپای عیراق هێزێكی زۆردەخاتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە

توركیا بەردەوامە لەهەڕەشەكانی بە مەبەستی ئەنجامدانی لەشكركێشی بۆسەر شنگال و سوپای عیراقیش هێزێكی زۆردەخاتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت كە ڕێگا بەسوپای ئەو وڵاتە نادرێت و روبەڕوبونەوە ڕوودەدات، داواش لەهەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەكات، هەڵوێستی روونیان لەوبارەیەوە بخەنەڕوو.

 

عەبدولباری زێباری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند: دەمانەوێت بابەتی لەشكركێشی توركیاو ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شنگال لەناو ئەنجومەنی نوێنەران باس بكرێت و هەڵوێستی جددی لەسەر ئەو بابەتە وەربگیرێت.

داواش لەهەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەكات هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت و دەڵێت”تائێستا هەردولا هەڵوێستێكی ئەوتۆیان نەبووە”.

بڕیارە سبەینێ سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە، لەوبارەیەشەوە عەبدولباری زێباری وتی”یەكێك لەتەوەرە سەرەكییەكانی كۆبونەوەكەش خستنەڕووی مەترسییەكانی هاتنی سوپای توركیا دەبێت، چونكە مەترسی گەورە لەسەر داهاتووی عیراق دروستدەكات”.

لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بۆسەر شنگال، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەدووریدەزانێت حكومەتی عیراق ڕێگا بەسوپای ئەو وڵاتە بدات لەشكركێشی بۆ سەر شنگال ئەنجامبدات و دەشڵێت”هێزی سوپای عیراق لەو سنورانە جێگیركراون و توركیاش تەنها دەتوانێت لەرێگای شەڕەوەبێت ئەگەرنا ڕێگای پێنادرێت”.

ئاماژە بەوەشدەكات، حكومەتی عیراق دەسەڵاتی نییە ڕێگا بەهێزی سوپای وڵاتێكی تر بدات سەروەری خاك ببەزێنن، تەنها بەڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت ئەو كارە بكات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە