پەیامی کورد … هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرایەوە
هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە پاییزی ئەمساڵ لەلایەن دەزگای دادوەری سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی کانوونی یەکەم، موراد مورادی هاووڵاتییەکی تەمەن ٥١ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ٢٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران کە بە سەریدا سەپابوو، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازرایەوە.
موراد مورادی خەڵکی گوندی «خورینج» ی پیرانشار ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (١٦ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، لە سێ ڕێیانی جڵدیان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دەستبەسەر و دوای ٢٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
موراد مورادی پاییزی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی پیرانشار بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا و دوای ملکەچ بوون بۆ بڕیاری دادوەر، ئەم سزایە بۆ دوو ساڵ و دوو مانگ و پازدە ڕۆژ بەندکران کەم کرایەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە