بەريتانيا: هاتنی کۆچبەران بەراورد بە ساڵی رابردوو 42% زیادیکردووە

بەريتانيا: هاتنی کۆچبەران بەراورد بە ساڵی رابردوو 42% زیادیکردووە

وەزارەتی ناوخۆی بەريتانيا رايگەياند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا هاتنی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە و بە بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 42% زیادیکردووە.

جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەريتانيا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی رايگەياند، بەرپرسانی بەریتانیا لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا پێنج هەزار و 373 کۆچبەریان تۆمارکردووە کە بە بەلەمی بچووک لە کەناڵی ئينگليزەوە بۆ کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا پەڕيونەتەوە.

وەزارەتەکە رايگەياندووە، بەراورد بە ئامارەکانی سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2023 کە ژمارەی کۆچبەران سێ هەزار و 793 کۆچبەر بووە، ئامارەکە بە رێژەی %41.7 زياديکردووە، ئەوەش زۆرترين رێژەيە بەراورد بە سێ چارەکی سەرەتای ساڵەکانی رابردوو.

راشيگەياندووە، "تەنيا لە کۆتایی ئەم هەفتەيەدا 800 کۆچبەر بە 16 بەلەمی بچووک گەيشتوونەتە بەريتانيا".

پرسی کۆچبەران کێشەیەکی سیاسی جددییە بۆ ريشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەريتانيا، بەتايبەت بۆ کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە، کە بڕيارە لە 28ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، چونکە چەندينجار بەڵێنی ئەوەی داوە هاتنی لێشاوی کۆچبەران بوەستێنێت.

ساڵی رابردوو ريشی سوناک بانگەشەی ئەوەيکرد، هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە بە رێژەی يەک لەسەر سێ دابەزيوە، بەڵام ئامارەکانی چارەکی يەکەمی ئەمساڵ ئەو بانگەشانەی پێچەوانەکردەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە