نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکات

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکات

 پەیامی کورد    ...      نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایى له‌ به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی:

به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى،

سەرۆ‌ك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

سڵاو و ڕێز..

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان متمانه‌ى دا به‌ به‌ڕێزتان وەك سەرۆ‌ك وەزیران و به‌ كابینەی نۆیەمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. بەو بۆنەیەوە بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەكەم.

ئەمە دەستكەوتێكی دیكەی بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەپێدان و قووڵكردنەوەی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی ویست و خۆڕاگری و هاوكاریی هاووڵاتیان و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و دۆست و پشتیوانانی گەلەكەمان.

ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاریه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناغی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین.

دڵنیام ئێوە لێهاتووانە، چالاك و كارا بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبن، ورەی تیمەكەتان بەرامبەر تەحەددییەكان بەرز دەكەنەوە و ئەنجامی باش و خوازراو بەدەستدەهێنن. هیچتان درێخی ناكەن لە ئەرك و جێبەجێكردنی كاری ڕۆژانە و درێژخایەن بۆ درێژەدان بە دابینكردنی ئارامی، ئاسایش، گەشەی ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی كوردستان.

گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمه‌وه‌ كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاریی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەكەم.

سەركەوتنی ئێوە و جێگری سەرۆك وەزیران و تەواوی وەزیرەكان بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی هەموومان و سەركەوتنی گەل و هەرێمی كوردستانە.

لەگەڵ ڕێزمدا..

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

10/7/2019

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە